دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی روسیا داخرا

2024-02-11   |  
فۆتۆ: 
شنیار
دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی روسیا داخرا و ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ئێستای وڵاتەکە و ٣ کاندیدی تر بە رەسمی رکابەری بەدەستھێنانی پۆستەکە دەکەن .

سەرچاوەکانی ھەواڵی روسیا ئاشکرایان کرد، دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کە بریارە لە مانگی ئاداردا بەرێوەبچێت، داخراوە و ھەریەک لە ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی روسیا و ڤلادیسلاڤ داڤانکۆڤ جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی دۆما و لیونید سلۆتسکی سەرۆکی حزبی دیموکراتی لیبراڵی نەتەوەیی و نیکۆلای خاریتۆنۆڤ کاندیدی حزبی شیوعی، کاندیدن بۆ ھەڵبژاردنەکە و کێبرکێکە لەنێوان ئەو چوار کاندیدەدا دەبێت. 

ئەوەشھاتووە سەرجەم کاندیدەکان پشتگیری لەو جەنگە دەکەن کە مۆسکۆ بەرامبەر ئۆکراین دەستیپێکردووە، بەڵام بۆریس نادیجدین کاندیدی حزبی "دەستپێشخەری مەدەنی" ، کە دژی ئەو جەنگەیە و نەیاری پوتنە، کاندیدبوونی لەلایەن لیژنەی ھەڵبژاردنەکانەوە رەتکراوەتەوە، بە وتەی لیژنەکە سەرپێچی کردوە لە کۆکردنەوەی ١٠٠ ھەزار ئیمزا کە بۆ پشتگیریکردن لە کاندیدبوونی کۆیکردبوەوە.