باڵیۆزی ئەمریکا لەعێراق: ئەمریکا رۆڵی ھەبووە لە چارەسەری ناکۆکییەکانی یەکێتی و پارتی

2023-06-08   |  
فۆتۆ: 
لاڤە
ئەلینا رۆمانۆسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق رایگەیاند، ئەمریکا رۆڵی ھەبووە لە چارەسەری ناکۆییەکانی یەکێتی و پارتی و جەختیشی کردەوە لە گرنگی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا.

ئەلینا رۆمانۆسکی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە سلێمانی لە وەڵامی پەیامنێری کوردسات نیوزدا وتی، ئەمریکا رۆڵی گرنگی خۆی ھەبووە لە ھێورکردنەوە و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی یەکێتی و پارتی، ھانی لایەنە کوردی و عێراقیەکانیشیدا کە ناکۆکییەکان چارەسەر بکەن و روبەڕووی ئاڵنگارییەکان ببنەوە. 

ھیواشی خواست ھەڵبژاردنێکی پاک و دیموکراسی لە ھەرێم بکرێت و گرنگیشی دەرخست سەبارەت بە پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە بە جۆرێک کە بەرژەوەندی خەڵکی تێدا رەچاو بکرێت. 

باڵیۆزەکەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشدا، واشنتۆن نیگەرانی خۆی نەشاردووەتەوە لەبارەی پێشێلکارییە ئەمنییەکان بۆ سەر خاکی ھەرێم و عێراق. 

وتیشی، ئەمریکا بەلایەوە گرنگە مافی مرۆڤ و ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەوانی لە ھەرێم پاشەکشە نەکات و زیندانی کردنی رۆژنامەنووسان لەسەر ئازادی رادەربڕین جێی نیگەرانیانە.
ھەروەھا پشتیوانی و ھەماھەنگی بۆ چاکسازی و یەکگرتنەوەی ھێزی پێشمەرگە دەربڕی.

 


 زۆرترین خوێندراو