لە ئاکرێ دوو جوتیار لەسەر کێشەیەکی کۆنی کۆمەڵایەتی گەنمی یەکتری دەسووتێنن

2023-06-06   |  
فۆتۆ: 
هادی
بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی ئاکرێ ئاشکرایکرد، بەھۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە دوو جوتیار ھەڵساون بە سوتاندنی گەنمی یەکتر و چەندین دۆنم زەوی گەنم سووتاوە.

عەقید ئیبراھیم فەریق بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی ئاکرێ بە کوردسات نیوزی راگەیاند، چەند رۆژێک لەمەوبەر، لە قەزای ئاکرێ دوو جوتیار کە کێشەیەکی کۆنی کۆمەڵایەتی لە نێوانیاندا ھەبووە، ھەڵساون ئاگریان لە گەنمی یەکتر بەرداوە و سەرەنجام ژمارەیەک دۆنم زەوی گەنم سووتاوە.

ئەوەشی خستەڕوو، لە کێشەی نێوان جوتیارەکاندا بەڵگە ھەیە کە بە مەبەست گەنمی یەکتریان سووتاندووە، بۆ ئەو مەبەستەش لێکۆڵینەوەی پێویست دەستیپێکردووە.

بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی ئاکرێ لەپێناو پاراستنی سەلامەتی گیان و شوێنیان، ناسنامەی ھیچ کام لە جوتیارەکانی ئاشکرانەکرد، بەڵام نەیشاردەوە، ئەوەی لەنێوان ئەو دوو جوتیارەدا روویداوە حاڵەتێکی نوێ نییە و چەندین ساڵە حاڵەتی ھاوشێوە تۆمارکراوە.