د. نەرمین مەعروف: ماددەی ١٣ و ١٤ی تایبەت بە شایستە داراییەکانی ھەرێم یەکلایی نەکراونەتەوە

2023-05-24   |  
فۆتۆ: 
هادی
لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەمەد حەلبوسی لە کۆبوونەوەدایە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە و ئئامادەکردنی راپۆرتی کۆتایی.

د. نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بەشێکی زۆری مادەکانی پڕۆژەیاسایی بودجە یەکلایی کراونەتەوە و گفتوگۆکانیش بەرەو کۆتایی دەڕوات، چاوەڕوان دەکرێت لە دانیشتنەکانی ئەمشەو و بەرەبەیانی رژی پێنجشەممە بڕگەکانی تریش یەکلایی بکرێتەوە.

 وتیشی، ماددەی ١٣ و ١٤ی تایبەت بە شایستە داراییەکانی ھەرێم یەکلایی نەکراونەتەوە، بەشێک لە ئەندامانی لیژنەی دارایی لە پێکھاتەکان سەرنج و تێبینی جیاواز و پێشنیاری جیاوازیان ھەیە سەبارەت بە ناوەرۆکی ئەو دوو مادەیە، سەبارەت بە شێواز و میکانیزمی فرۆشتنی نەوتی ھەرێم و شێوازی مامەڵکردن لەگەڵ ئەژمارە بانکییەکەی کە داھاتی نەوتی ھەرێمی تیا ئەژمار دەکرێت، پێشنیاری جیاوازیش ھەیە لەگەڵ ئەوەی لە دەقی پڕۆژەیاساکەدا ھاتووە، ئەوەش کۆدەنگی کۆتایی لەسەر دروست نەبووە.

د. نەرمین مەعروف راشیگەیاند، ھەموو لایەنەکان خوازیارن ئەو دوو بڕگەیە بە لێکتێگەیشتن تێپەڕێنرێت، نەک بە ناچاری ببرێتە ھۆڵی پەرلەمان و لەوێ یەکلایی بکرێتەوە.