حکومەتی ھەرێم: یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەسوکاری شەھیدان بێبەرامبەر دروستدەکەین

2023-05-23   |  
فۆتۆ: 
ئامەد
مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، ژمارەیەک یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەسوکاری شەھیدان بێبەرامبەر دروستدەکەن.

مەسرور بارزانی لە میانی کردنەوەی ١٣ھەمین پێشانگای بیناسازیی و ئاوەدانکردنەوە لە ھەولێر  بەشداری پانێڵێکی کرد و رایگەیاند، ٢٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون بڕیارە بۆ کەمدەرامەتان لە ھەرێمی کوردستان دروستبکرێن، بۆ ئەوەی ئەو خەڵکە بتوانن سوود لەو پڕۆگرامەی حکومەت وەربگرن کە ئێستا خراوەتە تەندەر.

لەبارەی دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەسوکاری شەھیدان، مەسرور بارزانی راشیگەیاند، ئەوان ھەندێک بەرنامەیان ھەبووە کە چۆن بتوانن یەکەی نیشتەجێبوون بێبەرامبەر بۆ کەسوکاری شەھیدان دابینبکەن، لە سنوری دھۆک وایانکردووە لە ھەولێر پڕۆسەکە خەریکە تەواودەبێت و لە ھەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی دیکەیش وادەکەن، ھەموو کەسێک ببێتە خاوەنی خانووی خۆی یان جێگەی خۆی.

سەرۆک وەزیرانی ھەرێم راشیگەیاند، پێداچوونەوە بە ماستەرپلانی شارەکان دەکرێت و جەختیشی لەوەکردەوە، لە دروستکردنی باڵەخانەدا پێویستە رێژەی سەوزایی، کوالێتی و ئاسانکاری بۆ ھاتووچۆی کەمئەندام لەبەرچاو بگیرێت بە تایبەتی لە شوێنە گشتییەکاندا.