لە یەک رۆژدا چوار بەندکراو لە ئێران لەسێدارەدران

2023-05-20   |  
فۆتۆ: 
ئایار
لە یەک رۆژدا چوار بەندکراو لە گرتووخانەی کەرەجی ئێران لەسێدارەدران، بەندکراوانی گرتووخانەکەش بەکۆمەڵ مانگرتیان لە خواردن راگەیاند.

رێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی رۆژی شەممە لە گرتووخانەی قزڵحەساری شاری کەرەج، سزای لەسێدارەدانی سێ بەندکراوی خەڵکی شاری کۆیەشت لە پارێزگای لوڕستان جێبەجێکراوە، کە پێنج ساڵە بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددە ھۆشبەر، سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە.

رێکخراوی ھەنگاو راشیگەیاند، دوای لەسێدارەدانی ئەو سێ بەندکراوە، بەندکراوێکی تر ھەر لە گرتووخانەی قزڵحەساری کەرەج، بە ھەمان تۆمەت لەسێدارە دراوە.

بەپێی زانیارییەکانی رێکخراوی ھەنگاو، سەرجەم بەندکراوانی ئەو گرتووخانەیە، بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر لەسێدارەدانی ئەو چوار بەندکراوە، مانگرتنیان لە خواردن راگەیاندووە.