سبەینێ دوو شەقامی سەرەکی لە سلێمانی دادەخرێن

2023-03-19   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، سبەینێ دووشەممە رێکەوتی ٢٠/٠٣/٢٠٢٣ دوو شەقامی شاری سلێمانی بەربەست دەکرێت.

لە سەعات (٩:٠٠)ی بەیانییەوە بەهۆی چالاکییەکانی "ئین سلێمانی" و ئەنجامدانی ماراسۆنێکی نێودەوڵەتی لە شەقامی مەلیک مەحمود، شەقامەکە بۆ ماوەیەکی کاتی بەربەست دەکرێت، کە خاڵی دەستپێک لە بەردەم نەخۆشخانەی هەرێم دەبێت تا خاڵی کۆتایی، کە دەکاتە ناو پارکی هەواری شار.

دوابەدوای تەواو بوونی ماراسۆنەکە، شەقامەکە بەڕووی شۆفێراندا دەکرێتەوە، هاتوچۆی سلێمانی داوا لە شۆفێران دەکات لەو کاتانەدا ئەو شەقامە بەکارنەهێنن. 

هەروەها بەهۆی چالاکییەکانی نەورۆزەوە، شەقامی سالم لە بەردەم باخی گشتی بۆ پردی خەسرەو خاڵ،  لە سەعات (١٢:٠٠)ی نیوەڕۆی ٢٠/٠٣/٢٠٢٣ بەربەست دەکرێت و تا کۆتایی هاتنی ئاهەنگ و فێستیڤاڵی نەورۆز لەو رۆژەدا، ئەو شەقامە بەربەست دەکرێت و بۆ رۆژی دواتر دووبارە شەقامەکە بە رووی شۆفێراندا دەکرێتەوە. واتە لەو کاتەی شەقامەکە بەربەست دەکرێت تەنها بۆ پیادەڕەو کراوە دەبێت.

سەبارەت بە سەیرانگای دووکان، لە رێکەوتی ٢٠/٠٣/٢٠٢٣ لە سەعات (١٢:٠٠)ی شەو بۆ ماوەی ٢٤ سەعات ئوتومبیلی بارهەڵگر قەدەغەیە بچێتە ناو سنووری سەیرانگای دووکان.