بەحرەین و ئێران پەیوەندییەکانیان ئاسایی دەکەنەوە

2023-03-14   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
دوای پێنج رۆژ لە راگەیاندنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و سعودیە، شانشینی بەحرەینیش کە ھاوپەیمانێکی سەرەکی ریازە و یەکێکە لە وڵاتانی کەنداو، خواستی خۆی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران راگەیاند.

سەرچاوەیەکی بەرپرس لە حکومەتی شانشینی بەحرەین بە ئاژانسی سپۆتینگی روسی راگەیاندووە، لەئێستادا گفتوگۆی گرنگ لەنێوان بەحرەین و ئێراندا ھەیە و کۆبوونەوەکانیش دوو قۆڵین و بەبێ نێوەندگیر بەڕێوەدەچن بە ئامانجی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و مەنامە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە ماوەیەکی نزیکدا ئەنجامی کۆبوونەوەکان رادەگەیەنرێن، دوای ئەوەی ھەردوولا لەسەر دۆسیە ناکۆکی لەسەرەکان رێککەوتن.

ھاوکات رۆژی دووشەممە ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، تاران خواستی ئەوەی ھەیە پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەحرەین ئاسایی بکاتەوە و پێشوازی لەھەر ھەوڵێکیش دەکات بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان ھەردوو وڵات.

پەیوەندییەکانی ئێران و بەحرەین لە ٢٠١١ەوە پچڕاون، دوای ئەوەی ئێران پشتیوانی خۆی بۆ خۆپیشاندانەکانی ئەو وڵاتە زۆرینە شیعەنیشینە دەربڕی، لە بەرامبەریشدا سعودیە ھێزی سەربازی بۆ پشتیوانی مەنامە رەوانەی ئەو وڵاتە کرد و خۆپیشاندانەکان کۆتاییان پێھێنرا.