د. ڕێواز فائق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ باھیە تەھزیب لای، باڵیۆزی مافەکانی مرۆڤ لە وەزارەتی دەرەوەی ھۆڵەندا و وەفدی یاوەری کۆبووەوەو ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق و کوردستان تاوتوێ کرا.
لە دیدارێکدا، کە یاکۆ بێرێندز، کونسوڵی گشتیی شانشینی ھۆڵەندا لە ھەرێمی کوردستان ئامادەیبوو، بە وردی باس لە ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق و کوردستان کرا، ھاوکات پرسی ژن، ئازادیی ڕۆژنامەوانی، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوون. سەرۆکی پەرلەمان ئاماژەی بە زۆربەی ئەو یاسا گرنگانەدا کە لە پەرلەمانی کوردستان دەرچوون بۆ پشتیوانیکردن لە مافەکانی ژنان و داکۆکیکردن لە ڕۆژنامەنووسان.
ھەروەک ڕوانگەی خۆیشی بۆ دۆخی گشتیی مافەکانی مرۆڤ و ژنان لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە ڕوون کردەوە، بە تایبەت لە ڕووی پێکەوەژیان و قبووڵکردنی یەکتریی جیاوازییەکان.
ھەر لە دیدارەکەدا، ھەردوولا جەختیان لەسەر گەشەپێدانی زیاتری مافەکانی مرۆڤ، ئازادییە گشتیەکان و بەرەوپێشەوەبردنی پرسی ژنان کردەوە.
لای خۆیانەوە، وەفدی میوان سوپاسگوزاریی خۆیان ئاراستەی سەرۆکی پەرلەمان کرد، بۆ پێشوازیلێکردنیان و خستنەڕووی ئەو بابەتانەی کە لە دیدارەکەدا تیشکیان خرایە سەر.