١٢مووشەک ئاڕاستەی بنکەی سەربازی تورکیا لە ناحیەی زێلکان کران

2023-02-01   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
بەیانی ئەمڕۆ ١٢ مووشەک ئاڕاستەی بنکەی سەربازی تورکیا لە ناحیەی زێلکان کران، بەپێی زانیارییەکان لە ماوەی یەک مانگدا دووەمجارە ئەو بنکە سەربازییەی تورکیا مووشەکباران دەکرێت.

پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، سەعات ٧:٤٥ بەیانی ئەمڕۆ ١٢ مووشەک ئاڕاستەی بنکەی سەربازی تورکیا لە ناحیەی زێلکانی سەر بە پارێزگای نەینەوا کران.

وتیشی، پێنج لە مووشەکەکان لەناو سەربازگەکە کەوتوونەتە خوارەوە و مووشەکەکانی دیکە لە دەوروبەری سەربازگەکە کەوتوونەتە خوارەوە و وەک ھێرشەکانی رابردوو سەربازانی تورکیا زیانەکانی مووشەکبارانەکەیان ئاشکرانەکردووە.

ھەروەھا غەیاس سورچی لێپرسراوی راگەیاندنی مەڵبەندی نەینەوای یەکێتی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، مووشەکەکان لە سنوری ناحییەی باشیکەوە ئاڕاستەی بنکە سەربازییەکە کراون و ئەمنییەتی ئەو سنورەش لە ژێر دەستی لیوایەکی حەشدی شەعبیدایە.