پشووی ئەنجومەنی نوێنەران دەستپێکرد و پەسەندکردنی بودجە دوادەکەوێت

2022-12-08   |  
فۆتۆ: 
ئاکار
پشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەستپێکرد و پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجەش بۆ دوای پشووی سەری ساڵی نوێ دوادەکەوێت.

بڕیاربوو لە رۆژی ١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢وە پشووی وەرزی ئەنجومەنی نوێنەران دەستپێبکات، بەڵام بەھۆی چاوەڕوانی رەوانەکردنی پڕۆژەیاسایی بودجە پشووەکە دواکەوت بۆ ئەمڕۆ و ئەنجومەنی نوێنەران بڕیاریدا لە ئەمڕۆوە پشووی وەرزی دەستپێبکات.

رەوانە نەکردنی رەشنوسی پڕۆژەیاسایی بودجە بۆ لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران گرفتی دروستکردووە، چونکە پشووەکە بۆ ماوەی مانگێک بەردەوام دەبێت و دواتر ئەنجومەنی نوێنەران پێویستی بە زیاتر لە مانگێکی تر دەبێت تا خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ بکات، ئەوەش ئەگەر پرۆژەیاساکە بەھۆی تانەلێدان نەگەڕێتەوە بۆ حکومەت. 

ھۆکاری دواکەوتنی رەشنوسی پڕۆژە یاسای بودجە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ئەوە دەگەڕێنرێتەوە کە تائێستا وەزارەتی دارایی عێراق کارەکانی رەشنوسەکەی تەواونەکردووە.