ئەنجومەنی سەربازی مەنبەج دواین پێشھاتە مەیدانییەکانی لە میحوەری مەنبەج ئاشکراکرد و رایگەیاند، لەسەرەتای ئۆپراسیۆنەکانی تورکیاوە بۆ سەر ناوچەکە، رێگری لە شەش ھەوڵی دزەکردنی چەکدارانی سەربە تورکیا کراوە.
نودا رەشید ئەندامی ئەنجومەنی سەربازی مەنبەج رایگەیاند، زیاتر لە ھەفتەیەکە ھێرش و بۆردومانی زەمینی و ئاسمانی تورکیا بۆ سەر شاری مەنبەج بەردەوامە و پێنججار بنکەکانی ئەنجومەنی سەربازی مەنبەج بە فرۆکە بۆردومانکراون و رۆژانەش تۆپبارانکردنی ناوچەکانیان بەردەوامە.
رونیشیکردەوە، لە ناوچەکانی بەریەککەوتن چەکدارانی بە کرێگیراوی تورکیا ھەوڵی دزەکردنە ناو گوندەکان و بنکەکانیان دەدەن و لە ٢٠ بۆ ٢٧ی مانگ ، چەکداران شەشجار ھەوڵی دزەکردنیان داوە، بەڵام سەرجەم ھەوڵەکانیان شکستی پێھێنراوە.