جارێکی دیکە ئەمریکا داوا لە ئێران دەکات ھێرشەکانی بۆ سەر ھەرێم رابگرێت

2022-11-23   |  
فۆتۆ: 
رێبوار
جارێکی دیکە ئەمریکا داوا لە کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات ھێرشەکانی بۆ سەر خاکی ھەرێمی کوردستان رابگرێت.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەنراوێکدا بەتوندی ئیدانەی پێشێلکارییە بەردەوامەکانی سەروەری خاکی عێراق دەکات و داوا لە ئێران دەکات واز لە ھەڕەشەی بەکارھێنانی ھێز بھێنێت بۆ سەر خاکی ھەرێمی کوردستان.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راشیگەیاندووە، بەپێی زانیارییەکان ئێران رۆژانی ٢٠ تا ٢٢ی مانگ بە مووشەک و فرۆکەی بێفرۆکەوانی بۆمبرێژکراو و مووشەک بنکە و بارەگای حزبەکانی رۆژھەڵاتی لە ھەرێمی کوردستان بۆردومان کردووە و بەھۆیەوە پێشمەرگەیەک گیانی لەدەستداوە.

لە دوای سەرھەڵدانی خۆپیشاندانەکان لە رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران تائێستا ئێران چوارجار ھێرشیکردووەتە سەر حزبەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان لەناو خاکی ھەرێم و بەھۆیانەوە ٢٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ٦٥ کەسی تریش برینداربوون.