تەندروستی جیھانی داوا دەکات وڵاتان بگەڕێنەوە سەر بەکارھێنانی دەمامک

2022-07-14   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
بەهۆی زۆربوونی ژمارەی تووشبووان بە کۆرۆنا، رێکخراوی تەندروستی جیھانی داوا دەکات وڵاتان رێکاری خۆپارێزی بگرنە بەر و بگەڕێنەوە سەر بەکارھێنانی دەمامک.

تیدرۆس ئەدھانۆم بەڕێوەبەری گشتی رێکخراوی تەندروستی جیھانی رایگەیاندووە، ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا لە جیھاندا رووی لە بەرزبوونەوە کردووە و پێویستە ھەموو وڵاتان بگەڕێنەوە سەر پەیڕەوکردنی رێکارەکان، بە تایبەت بەکارھێنانی دەمامک. 

ئەدھانۆم نیگەرانیشی دەربڕی لە بەرزبوونەوەی ئامارەکان و وتی فشاری زیاتر لەسەر کەرتی تەندروستی دروست دەبێت. 

لە جیھاندا، زیاتر لە ٥٦٤ ملیۆن کەس تووشی کۆرۆنا بوون و سەروو ٦ ملیۆن کەسیش گیانیان لەدەستداوە. زۆرترین ژمارەی توشبووش لە جیھاندا لە ئەمریکایە کە ژمارەی توشبووان لەو وڵاتە ٩٠ ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە.