تەندروستی واست ١٠ رێنمایی بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی گۆڕاوێکی کۆرۆنا دەرکرد

2024-02-21   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
پارێزگای واست رێنمایی نوێ بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی جۆرێکی نوێی کۆرۆنا بڵاودەکاتەوە و داوا لە ھاووڵاتیان دەکات دەمامک ببەستن و پەیڕەوی دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی بکەن.

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی واست، ١٠ رێکاری نوێی بۆ رێگریکردن لە تووشبوون و بڵاوبوونەوەی گۆڕاوی نوێی کۆرۆنا بڵاوکردووەتەوە، کە دەبێتە یەکەمین پارێزگا لە عێراق دوای ماوەیەکی زۆر، کۆت و بەندەکانی کۆرۆنا دەگەڕێنێتەوە. 

تەندروستی واست داوای لە بەڕێوەبەری خوێندنگەکان کردووە، خوێندکاران پابەندی بەستنی دەمامک بکەن و مەودایەک لەنێوان خوێندکاران و مامۆستایان ھەبێت و قەرەباڵغی ناو پۆلەکان کەمبکرێتەوە. 

ھەروەھا لە شوێنە گشتییەکان رێنمایی و پۆستەر سەبارەت بە نەخۆشییەکە بڵاوبکرێتەوە و دوور بکەونەوە لە تەوقە و باوەش و دەم و لوت لەکاتی کۆکە و پژمین دابپۆشرێت. داواشیکردووە ھەر خوێندکارێک یان مامۆستا و ھەرکەسێک گومانی تووشبوونی لەسەر بوو، رەوانەی نزیکترین ناوەندی تەندروستی بکرێت. 

ئەو رێنماییانەی تەندروستی واست لەدوای ھۆشدارییەکی رێکخراوی تەندروستی جیھانییەوە دێت سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی گۆڕاوێکی نوێی کۆرۆنا بە ناوی "جەی ئێن وەن" لە بەشێک لە وڵاتان. 
پێشتریش وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاندبوو، چیتر پێویستیان بە ھاوردەی ڤاکسینی کۆرۆنا نییە، چونکە نەخۆشییەکە مەترسیدار نەماوە و تەنانەت ئەوکاتەی کۆرۆنا لە لوتکەدا بووە پێشوازی عێراقییەکان لە وەرگرتنی ڤاکسین کەمبووە.