کۆمیسیۆن رێنمایی تۆمارکردنی ھاوپەیمانێتییەکانی بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەسەندکرد

2024-03-04   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رێنمایی تۆمارکردنی ھاوپەیمانێتییەکانی بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەسەندکرد و دەڵێت ھیچ حزبێک بۆی نییە لەبازنەیەکدا بەشداری زیاتر لە ھاوپەیمانێتییەک بکات.

بەپێی رێنماییەکان کە دەست کوردسات نیوز کەوتووە، ھەموو ئەو حزب و لایەنانەی مۆڵەتی کارکردنیان ھەیە لە کۆمسیۆن دەتوانن لەنێوان  ٥ بۆ ١٤ی ئەم مانگە  ھاوپەیمانێتی تۆماربکەن بۆ بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیارە لە ١٠ ی حوزەیرانی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.

ھەر بەپێی رێنماییەکان، لایەنەکان دەتوانن بەشێوەی راستەوخۆ یاخود لەرێگەی نوسینگەی دەستەی ھەڵبژاردنەکانەوە لە ھەرێم داواکاری بۆ پێکھێنانی ھاوپەیمانێتی پێشکەش بکەن و نابێت ھاپەیمانێتییەکە بەناوی ھیچ یەکێک لە حزبە پێکھێنەرەکانییەوە ناوبنرێت.

لە رێنماییەکاندا ھەروەھا جەختکراوەتەوە ھیچ حزبێک بۆی نییە لەبازنەیەکی ھەڵبژاردندا بەشداری لە زیاتر لە ھاوپەیمانێتییەکی سیاسی بکات و دروشم و ناوی ھاوپەیمانێتییەکانیش نابێت پێچەوانەی سیستەم و ئادابی گشتی بێت و گوزارشت لە رق و توندوتیژی بکات، یان وێنەی کەسایەتی ئاینی و سەربازییەکان بەکاربھێنرێت.