وەزارەتی دارایی عێراق چاوەڕوانی ناردنی لیستی مووچەی فەرمانبەرانە بۆ ناردنی ٦١٨ ملیارەکە

2024-03-01   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
وەزارەتی دارایی عێراق چاوەڕوانی ناردنی لیستی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمە بۆ ناردنی ٦١٨ ملیار دینارەکە، بەڵام وەزارەتی دارایی ھەرێم چاوەڕوانی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانە بۆ بڕیاردان لەبارەی ناردنی لیستەکەوە.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، وەزارەتی دارایی عێراق چاوەڕوانی ناردنی لیستی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمە بۆ ناردنی ٦١٨ ملیار دینارەکە بۆ ھەرێم، تاکو مووچەی مانگی شوباتی مووچەخۆرانی ھەرێمی پێدابەشبکرێت.

ھاوکات، سەرچاوەیەکی دیکەش لە وەزارەتی دارایی ھەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاند، تائێستا وەزارەتی دارایی عێراق بە نووسراوی رەسمی داوای لیستی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی لێنەکردوون تاکو لیستەکەیان بۆ بنێرن.

وتیشی، لەئێستادا چاوەڕوانی کۆبوونەوەی داھاتووی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمن کە ھەفتەی داھاتوو بەڕێوەدەچێت بۆ بڕیاردان لەبارەی ناردنی لیستی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم بۆ بەغداد.

رۆژی ٢٦ی ئەم مانگە تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق لە کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاندبوو، ناردنی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەرانی ھەرێم، پەیوەستە بە ناردنی لیستی مووچەخۆرانەوە.