کۆمیسیۆن ھەفتەی داھاتوو لەبارەی ھەڵبژاردنی پەرلەمان لەگەڵ لایەنەکانی ھەرێم کۆدەبێتەوە

2024-03-01   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق وادەیەکی نوێ بۆ سەرۆکایەتی ھەرێم پێشنیازدەکات بۆ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و جەخت لەوەشدەکاتەوە، لەو وادەیە زیاتر یان کەمتر ناتوانن پڕۆسەکە بەڕێوەبەرن.

ھیمان تەحسین بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پارتە سیاسییەکان لە کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لەچەند رۆژی ڕابردوودا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی ھەرێم کۆبوونەتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی دەستنیشانکردنی وادەیەک بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

وتیشی، پێشنیازیان بۆ سەرۆکایەتی ھەرێم کردووە شەشی حوزەیران تا ١٠ی حوزەیران رۆژێک دیاری بکەن بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانکە بەوتەی خۆی لەو بەروارە زیاتر یان کەمتر ناتوانن پرۆسەکە بەڕێوەبەرن.

 بە وتەی خۆیشی، لە ھەفتەی داھاتووەوە کۆمسیۆن وۆرک شۆپێک لەبارەی ئامادەکارییەکان و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن بۆ حزب و پێکھاتەکان لە ھەرێمی کوردستان ئەنجامدەدات کە تیایدا گوێ لە سەرنج و تێبینی ھەموو لایەنەکان دەگیرێت.

ھیمان تەحسین ئاماژەی بەوەکرد، رۆژێک دوای دیاریکردنی وادەی ھەڵبژاردن لەلایەن سەرۆکی ھەرێمەوە، کۆمیسیۆن بۆ ماوەی ١٠ رۆژ دەست بە وەرگرتنی ناوی ئەو لیست و لایەنانەی دەکاتە کە دەیانەوێت بەشداریی ھەڵبژاردنەکە بکەن.