ھیومان رایتس وۆچ: تورکیا بەرپرسیارە بەرامبەر پێشێلکارییەکان بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان

2024-02-29   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ھیومان رایتس وۆچ، تورکیا بە بەرپرسیار دەزانێت لە پێشێلکارییەکان بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان.

رێکخراوەکە لە راپۆرتێکیدا دەڵێت، تورکیا بەرپرسیارێتی پێشێلکارییە گەورەکان و تاوانە جەنگییەکان لە ئەستۆ دەگرێت کە لەلایەن چەکدارانی نزیک لە خۆیەوە لە باکور و رۆژئاوای سوریا ئەنجامیان دەدات.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەرپرسانی تورکیا تەنھا تەماشاکەری پێشێلکارییەکان نین، بەڵکو وەک دەسەڵاتی داگیرکەر بەرپرسیارێتی ھەڵدەگرن و لە ھەندێک حاڵەتدا راستەوخۆ دەستیان ھەبووە لە تاوانە جەنگییەکان لەو شوێنەی کە تورکیا ناوی دەبات بە ناوچەیەکی ئارام.

رێکخراوەکە پشتڕاستی کردووەتەوە کە سوپای نیشتمانی سوریا بە پاڵپشتی تورکیا، دەستگیرکردن و دەستبەسەرکردنی ھەڕەمەکی، بێسەروشوێنکردن و ئەشکەنجەدان و جۆرەکانی تری مامەڵەی خراپیان ئەنجامداوە و دەیان کەسیشیان خستووەتە ژێر دادگایی سەربازیی نادادپەروەرانەی بەبێ سزاوە، جگە لە تاڵانکردنی موڵک و ماڵی خەڵک و دەستبەسەرداگرتنی ماڵەکان.