ھەڵمەتی بانگەشە بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی شارەزایانی ئێران کۆتاییھات

2024-02-29   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
بەیانی ئەمڕۆ ھەڵمەتی بانگەشە بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی شارەزایانی ئێران کۆتاییھات، سبەینێش پڕۆسەکە بەڕێوەدەچێت.

ھەفتەیەکە بانگەشەی ھەڵبژاردن لە ئێران دەستیپێکردووە و بەپێی یاسا ٢٤ سەعات بەر لە دەستپێکردنی پڕۆسەکە بانگەشە کۆتایی دێت، بەپێی ماددەی ٥٦ لە یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمان و ماددەی ٢٣ لە یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەزایان، سەرجەم جۆرەکانی بانگەشە لە بەیانی ئەمڕۆوە قەدەغەیە و راگیراوە.

بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران، زیاتر لە ٦١ ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان ھەیە و زیاتر لە ١٥ ھەزار و ٢٠٠ کەس خۆیان کاندید کردووە بۆ بردنەوەی ٢٩٠ کورسی پەرلەمانی، کە ٣٥ کورسی بۆ پارێزگای تارانە.

ھەروەھا ١٤٤ کاندید کێبڕکێ دەکەن بۆ بوون بە ئەندامی ئەنجومەنی شارەزایان کە لە ٨٨ ئەندام پێکھاتووە و بۆ ٨ ساڵ ھەڵدەبژێردرێن.