ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی چەند داواکاریەک ئاڕاستەی وەزارەتی بازرگانی عێراق دەکات

2024-02-28   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
لەبارەی ئەو کێشە و گرفتانەی روبەڕووی بەشێک لە بازرگانان بووەتەوە لەسنوری سلێمانی، ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لەچەند خاڵێکدا کێشە و گرفتەکانی بەردەم بازرگانان و پیشەسازان ئاڕاستەی وەزیری بازرگانی و پیشەسازی عێراق دەکات.

ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لە ٨ خاڵدا داواکارییەکانی خستووەتەڕوو و دەڵێت، ھاوردەکاران ناتوانن سوودمەندبن لە نرخی رەسمی دۆلار ھاوشێوەی ھاوردەکارانی دیکەی عێراق. 

ھەروەھا پڕۆسەی گواستنەوەی کەلوپەل و بەرھەم لەنێوان سلێمانی و پارێزگاکانی تری عێراق بەتایبەت لەڕێگەی بەغدادەوە، زۆرجار روبەڕووی ئاستەنگی کارگێڕی دەبێتەوە لە بازگەکان.داواشیکردووە، ئاستەنگەکانی بەردەم کارگەکانی سلێمانی لاببرێن، بە تایبەت کارگەکانی پۆڵا و ئەلەمنیۆم و مس.

ژووری بازرگانی و پیشەسازی راشیگەیاندووە، ھێشتا یاداشتەکەی نێوان ھەردوو وەزارەتی بازرگانی عێراق و ھەرێم کە لەساڵی ٢٠١٥ ئیمزاکراوە نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و پڕۆسەی تۆمارکردنی ھێما بازرگانییەکان تەواونەبووە.

ھەروەھا، ئەو کۆمپانیا بازرگانییانەی لە ھەرێم تۆمارکراون، مافی ئەوەیان نییە سوودمەندبن لە نرخی رەسمی دۆلار، ئەگەر دووبارە خۆیان لە بەغداد تۆمارنەکەنەوە. ئەو بازرگانانەی کە راستەوخۆ بە ناوی خۆیانەوە بازرگانی دەکەن بێبەشدەبن لە بەدەستھێنانی دۆلار بە نرخی دیاریکراوی رەسمی.

داواشیکردووە کارئاسانی بۆ کۆمپانیا تایبەتمەندەکانی تۆمارکراو لە پارێزگای سلێمانی بۆ چوونەناو تەندەرینی جێبەجێکردنی گرێبەستە حکومییەکانی پەیوەست بەڕێکارەکانی "مانیفێست، سیڵ، و خزمەتگوزارییەکانی تر" بکرێت.