سیناتۆرێکی ئەمریکی داوای کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە سوریا دەکات

2023-11-30   |  
فۆتۆ: 
هیوا
سیناتۆرێکی ئەمریکی داوا لە کۆنگرێسی وڵاتەکەی دەکات بەبڕیارێک ئیدارەی بایدن پابەند بکات بە کشانەوەی سەرجەم ھێزەکانی ئەمریکای لە سوریا.

راند پاوڵ، سیناتۆری کۆمارییەکان لە کۆنگرێسی ئەمریکا کە ئامادەکاری پڕۆژەکەیە دەڵێت، لە پڕۆژە بڕیارەکەدا داوای کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکای لە سوریا کردووە بەھۆی ئەوەی ئەمریکا ھیچ بەرژەوەندییەکی زیندووی لەو وڵاتەداانییە و ستراتیژی مانەوەی ھێزەکەش نازانرێت، ھەروەھا بوونی ئەو ھێزە لە سوریا بەبێ رەزامەندی کۆنگرێس بووە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، گرژییەکان و دۆخی نائارامی ناوچەکە پاساوی داوەتە ھەندێک لایەن کە سەربازانی ئەمریکا لە سوریا بە ئاسانی بەئامانج بگرن و دەیانەوێت واشنتۆن رابکشێنە ناو شەڕێکی گەورەوە.

پێشتریش مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتی ھەسەدە رایگەیاندبوو، بەھۆی گرژییەکانی ناوچەکە، ئەمریکا ئەو ٩٠٠ سەربازە لە رۆژئاوای کوردستان ناکشێنێتەوە کە بۆ شەڕی دژی داعش و ھاوکاری ھەسەدە جێگیری کردوون.