روونکردنەوەیەک لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە لەسەر نرخی نەوت

2023-11-28   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ھەرێم رایدەگەیەنێت، ھەر کاتێک حکومەتی فیدراڵ نەوتی بۆ ھەرێم نارد، بە ھەمان نرخی دیاریکراوی حکومەتی فیدراڵ بەسەر ھاووڵاتییانی ھەرێم دابەشدەکرێت.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ھەرێم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق، جەختیانکردووەتەوە لە دابینکردنی نەوتی سپی بۆ ھاووڵاتیانی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان بەھەمان نرخی پارێزگاکانی دیکەی عێراق، جگەلەوەش لە مانگەکانی تەمموز، ئەیلول و تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، بە سێ نووسراو و بە ناردنی وەفدی ھەرێم ئەو داواکارییەیان گەیاندووەتە حکومەتی عێراق.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ، داواکارییەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ھەرێمی بۆ ئەنجومەنی باڵای ئابووری حکومەتی عێراق بەرزکردووەتەوە بەمەبەستی رەزامەندی دەربڕین.

 وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ھاووڵاتیانیش ئاگاداردەکاتەوە، لەکاتی دەستپێکردنی ناردنی بەشە نەوتی ھەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقی فیدراڵەوە بە ھەر نرخێک، بەو نرخە بەسەر ھاووڵاتییانی ھەرێم دابەشدەکرێت.