لە شارباژێڕ منداڵێک بەھۆی ژەھراویبوونەوە گیانیلەدەستدا

2023-09-25   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
لەگوندێکی سنوری شارباژێڕ منداڵێک بەھۆی ژەھراوی بوونەوە گیانی لەدەستدا و حەوت کەسی دیکەش رەوانەی نەخۆشخانە کران، تەندروستی سلێمانی دەڵێت ئەو کەسانە بەقارچک ژەھراوی بوون.

پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، لە گوندی وڵانەی ناوچەی شارباژێڕی سەر بە پارێزگای سلێمانی بەھۆی ژەھراوی بوون بە قارچک منداڵێک گیانی لەدەستداوە و حەوت کەسی تریش ژەھراوی بوون و رەوانەی نەخۆشخانە کراون و لە ژێر چاودێری پزیشکدان و رەوشیان ناجێگیرە.

وتیشی، ئەو کەسانە سەرجەمیان لەیەک خانەوادەن و ئەو قارچکەی خواردویانە قارچکی بەرھەمھێنراوی کێڵگەکان بووە، ھێزە ئەمنییەکانیش لێکۆڵینەوەیان لەو بارەیەوە دەستپێکردووە.

ھاوکات سامان لەتیف بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستی سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئەو کەسانە بەھۆی خواردنی قارچکەوە ژەھراوی بوون، بەھۆیەوە منداڵێکی تەمەن یەک ساڵ و سێ مانگ گیانی لەدەستداوە، حەوت کەسی دیکەش ژەھراوی بوون کە سیانیان منداڵن و ئەوانەی دیکە بەتەمەن گەورەن.

 


 زۆرترین خوێندراو