دوای ٤٠ رۆژی لە کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەیان چوار منداڵی کۆڵۆمبی بە زیندوویی دەدۆزرێنەوە

2023-06-10   |  
فۆتۆ: 
گۆران
چوار منداڵی کۆڵۆمبی دوای ٤٠ رۆژ لە دیارنەمانیان بەھۆی کەوتنەخوارەوەی فرۆکەوە لە ناوچە باراناوییەکانی ئەمازۆن، بە زیندوویی دۆزرانەوە.

گۆستاڤۆ پترۆی سەرۆکی کۆلۆمبیا رایگەیاند، چوار منداڵ کە زیاتر لە مانگێک بوو لە دارستانە باراناوییەکانی ئەمازۆنی کۆڵۆمبیا بێسەروشوێن بوون، بە زیندووی دۆزرانەوە.

سەرۆکی کۆلۆمبیا ئەو رۆژەی بە رۆژێکی ئەفسانەیی بۆ وڵاتەکەی وەسفکرد، لە بارەی تەندروستییشیانەوە رایگەیاندوە، کە لاوازن و لەژێر چاودێری وردی پزیشکیدان.

لە تۆمارێکی ڤیدیۆییشدا کە وەزارەتی بەرگری کۆڵۆمبیا بڵاوی کردوەتەوە، منداڵەکان لە نێو فرۆکەیەکی جەنگیدا دەردەکەون کە چارەسەر دەکرێن.

منداڵەکان لە بنەڕەتدا خەڵکی رەسەنی ھویتۆتۆن و تەمەنیان لەنێوان یەک ساڵ بۆ ١٣ ساڵدایە و لە یەکی مانگی ئایارەوە بە تەنیا لە جەنگەڵەکاندا سەرگەردان بوون ئەوەش دوای ئەوەی ئەو فرۆکەیەی گەشتیان پێکردبوو کەوتە خوارەوە، لەو رووداوەشدا دایکی منداڵەکان و فرۆکەوانەکە و کەسێکی تری ناوچەکە گیانیان لە دەستدا.