ئامانج رەحیم: پشکی ھەرێم لە بودجەی ساڵانەی عێراق بە زیاتر لە ١٨ ترلیۆن دینار دیاریکرا

2023-06-10   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم دەڵێت، بەگوێرەی ماددەی ١٢ی بودجە ساڵانە ھەرێمی کوردستان ١٨ ترلیۆن و ٣١٠ ملیار دیناری بۆ دیاریکراوە، ھەروەھا ساڵانە ٧٨٠ ملیار دینار لە داھاتی دەروازە سنوورییەکان بۆ داھاتی ھەرێم زیاد دەبێت.

ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا ئەوەشی خستەڕو، دوای پەسەندکردنی ماددەکانی پەیوەست بە پشکی ھەرێم لە یاسای بودجە، بودجەی تەرخانکراوی ھەرێم ساڵانە بە ١٨ ترلیۆن و ٣١٠ ملیار دینار دیاریکرا، لەو بڕەش نۆ ترلیۆن و ٣٠٠ ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم تەرخانکراوە.

ئەوەشی خستەڕو، ساڵانە دوو ترلیۆن و ٨٧٣ ملیار دینار بۆ پڕۆژەکانی وەبەرھێنان لە ھەرێم تەرخانکراوە و ٢٧٦ ملیار و ٥٥٠ ملیۆن دیناریش وەک پشکی ھەرێم لە خەرجیی پەرەپێدانی پارێزگاکان جێگیر کرا.

پەیوەست بە داھاتی ناوخۆش سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم دەڵێت، داھاتی دەروازە سنورییەکانی ھەرێم بۆ ساڵێک بە ترلیۆنێک و ٥٦٠ ملیار دینار خەمڵێندراوە، لەو بڕەش ٧٨٠ ملیار دینار لە داھاتی دەروازە سنوورییەکان بۆ ھەرێم دەمێنێتەوە، ھەروەھا ٢٢٨ ملیار و ٣٠٤ ملیۆن دینار لە بودجەی وەزارەتی بەرگری بۆ مووچەی پێشمەرگە رەچاوکراوە.