بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، ھێزەکانیان تەرمی ھاوڵاتییەکیان دۆزیوەتەوە کە لەنێو چاڵێکدا شاردراوەتەوە، لەسەر روداوەکەش سێ کەس دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەش لە روداوەکە بەردەوامە.
عەمید پشتیوان بەھادین، بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئەو ھاوڵاتییە لە رۆژی ھەینییەوە دیارنەماوە و کەسوکارەکەی ئاسایشیان ئاگادارکردوەتەوە، بۆیە ھێزەکانیان لێکۆڵینەوەیان دەستپێکرد و ئێوارەی دوێنێ تەرمەکەی لە چاڵێکدا لەناو ماڵێکدا دۆزرایەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ھاوڵاتییە پێشەی بەڵێندەربووە و تەمەنی لەنێوان ٤٥ بۆ ٥٠ ساڵە، لەسەر ئەو روداوەش ئاسایشی پارێزگای سلێمانی سێ کەسی دەستگیرکردووە و دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە.
بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی سلێمانی وتیشی، بەھۆی رێکارەکانی لێکۆڵینەوە لەم کاتەدا نایانەوێت زانیاری لەسەر تۆمەتبارەکان و ھۆکاری روداوەکە بخەنەڕو، بەڵام لە رۆژانی داھاتوودا ئاسایش رونکردنەوەی زیاتر لەسەر ئەو روداوە بۆ رایگشتی بڵاودەکاتەوە.