بەڕێوەبەرایەتی ھاتووچۆی سلێمانی پلانێکی تایبەت بۆ رۆژی نەورۆز دادەنێت، داوا لە ھاووڵاتیان و گەشتیارانیش دەکات ھاوکاریانبن بۆ سەرخستنی پلانەکەیان.
بەڕێوەبەرایەتی ھاتووچۆی پارێزگای سلێمانی لە رایگەیەنراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، بەپلانێکی تۆکمە و گونجاو ئەرکەکانیان دابەش کردووە بۆ نەھێشتنی دیاردەی سەرکێشی و دیاردەی خێرایی کە ھۆکاری ڕووداوە نەخوازراوەکانە، ھەروەھا ھەموو کامێراکانی چاودێری خێرایی لە ناوشار و ڕێگاوبانەکانی دەرەوەو ناوچە گەشتیارییەکان دەستنیشانکراوە وبەخشتەیەک دادەنرێن لەگەڵ لابردنی ئەو لەمپەڕە پلاستیکییانەی بەردەم بازگە و خاڵەکانی پشکنین بەمەبەستی نەھێشتنی دیاردەی قەتیس بوون و ڕیزبەندی ئوتومبیلەکان لەکاتی گەڕانەوەی شۆفێران لە سەیرانگاکاندا.
ھاوکات داوادەکات شۆفێران و ھاووڵاتیان ھاوکارییانبن بۆ سەرخستنی پلان و کارەکانیان کە ئامانجی فەراھەمکردنی ڕەوشێکی ھاتووچۆیی لەبار و ئارام و سەلامەتە، خۆیان بەدووربگرن لە خێرایی لێخوڕین و مەیخواردنەوەی شۆفێران بەتایبەتی.