کۆمسیۆن سزای دارایی بەسەر ١١ کاندیدی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا سەپاند

2024-10-06   |  
فۆتۆ: 
لاوان
کۆمسیۆنی سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عیراق، لەسەر دەستپێکردنی ھەڵمەتی بانگەشە بەر لەوادەی خۆی سزای دارایی بەسەر ١١ کاندیدی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان سەپاند، کە ھەشتیان کاندیدی پارتین.

ئەنجومەنی کۆمسیاران لە کۆمسیۆنی سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عیراق، لەبارەی پێنج سکاڵای تایبەت بە ھەڵمەتی بانگەشەی ھەڵبژاردن کۆبووەوە و تێیدا، بڕیاریدا بە سەپاندنی سزای دارایی بە بڕی ٥٠٠ ھەزار دینار بەسەر ١١ کاندیدی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە پێچەوانەی یاسا و رێنماییەکانی ھەڵبژاردن، بەر لە وادەی خۆی ھەڵمەتی بانگەشەیان دەستپێکردووە. ھەشت لەو کاندیدە سزادراوانەش، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستانن لە بازنەکانی ھەولێر و دھۆک.

ھەروەھا، ئەنجومەنی کۆمسیاران سێ سکاڵای دیکەی بەھۆی ناڕوونی کەسی بکەر و بەڵگەکان رەتکردەوە.