خوێندنی باڵا: ١١ مامۆستای زانکۆی سلێمانی چوونە ریزبەندی ٢%ی توێژەرانی جیھان

20کاتژمێر پێش ئێستا   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ھەرێم رایگەیاند، ١١ مامۆستای زانکۆی سلێمانی ناویان چووەتە ریزبەندی ٢%ی توێژەرانی جیھان.

وەزارەتەکە بە پشتبەستن بە نوێترین راپۆرتی زانکۆی ستانفۆرد کە لە ناوەڕاستی ئەم مانگە بڵاوکراوەتەوە ئاماژەی بەوەکردووە، ١١ مامۆستای زانکۆی سلێمانی لە ریزبەندی ٢%ی توێژەرانی جیھاندان لە بوارە زانستییەکانی خۆیاندا. 

ئەو ریزبەندییە ھەڵسەنگاندن بۆ توێژینەوەی توێژەران لە ماوەی ساڵێک و بە درێژایی ژیانی ئەکادیمییان دەکات، ژمارەی ئەو مامۆستایانەی زانکۆی سلێمانی کە پشت بە زانیارییەکانی یەک ساڵیان بەستراوە چوونەتە ریزبەندییەکەی ئەمساڵەوە بریتییە لە ١١ مامۆستا، ئەوانەشی بە پشت بەستن بە درێژایی ژیانی ئەکادیمییان دەچنە ناو ریزبەندییەکەوە بریتییە لە سێ مامۆستا. 

ساڵانە زانکۆی ستانفۆرد بە ھاوبەشی دامەزراوەی ئێڵسڤییەر و بە پشت بەستن بە داتابەیسی سکەوپەس کاریگەرترین ١٠٠ ھەزار توێژەری جیھان دەستنیشان دەکات و پۆڵێنیان دەکات بەسەر ٢٢ بواری سەرەکی و ١٧٤ جۆر بواری لاوەکی زانستیدا. 

زانکۆی ستانفۆرد یەکێکە لە زانکۆ بەناوبانگەکانی ئەمریکا و لە ساڵی ١٨٨٥ەوە دامەزراوە، داتابەیسی سکەوپەیس یەکێکە لە بەناوبانگترین داتابەیسەکان، کە باشترین گۆڤارە زانستییەکانی تێدا تۆمارکراوە.