کۆتایی ھەفتەی داھاتوو لیژنەی دارایی سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی بۆ ھەرێمی کوردستان ئەنجام دەدات

16کاتژمێر پێش ئێستا   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
کۆتایی ھەفتەی داھاتوو لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی بۆ ھەرێمی کوردستان ئەنجام دەدات بەمەبەستی تاوتوێکردنی رێککەوتنەکان لەسەر پرسی موچە و گومرگ و دەروازەکان.

د.نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، کۆتایی ھەفتەی داھاتوو سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکەن و چاوەڕوانی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقن راپۆرتێکیان رادەست بکات لەبارەی رێککەوتنەکانی ئەم دواییەی نێوان عیراق و ھەرێم.

پێشتر عەتوان عەتوانی سەرۆکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لەسەردانەکەیاندا بۆ ھەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێری دارایی ھەرێم کۆدەبنەوە، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دروستکردنی لێکتێگەیشتن لەسەر کۆی رێکەوتنەکانی نێوان وەفدی باڵای ئەنجومەنی وەزاری عیراق و ئەنجومەنی ئابوری حکومەتی ھەرێمی کوردستان.

ئاماژەی بەوەشکردبوو، پرسی باج و دەروازە سنورییەکان و موچەی موچەخۆرانی ھەرێم و کێشەکانی ئەو پرسانە گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت، گەشبینن بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتنی کۆتایی و سەرجەم گرفتەکانی نێوان ھەرێم و بەغداد چارەسەر بکرێن بەتایبەت پرسی موچە.

ئەوەش لە کاتێکدایە لە رۆژانی ٨ و ٩ی ئەم مانگە وەفدێکی باڵای ئەنجومەنی وەزاریی عیراق سەردانی ھەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ ئەنجومەنی ئابووریی ھەرێمی کوردستان کۆبووەوە و چەند راسپاردەیەکیان بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بەرزکردەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکان لەناویاندا پرسی موچە..

رۆژی ١٠ ی ئەم مانگە ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق راسپاردەکانی پەسەندکرد و بڕیاریدا لەسەر ناردنی موچەی فەرمانبەران تا کۆتایی ئەمساڵ و چارەسەرکردنی کێشە دارایی و ئابورییەکانی نێوان ھەردوولا.