دادگای بەریتانیا سزای حەوت ساڵ زیندانی بەسەر ھاووڵاتییەکی عیراقیدا سەپاند

18کاتژمێر پێش ئێستا   |  
فۆتۆ: 
لاڤە
دادگای بەریتانیا سزای زیندانی حەوت ساڵی بەسەر ھاووڵاتییەکی عیراقیدا سەپاند، دوای ئەوەی تۆمەتی دوو جار دەستدرێژی بۆ سەر کچێک بەسەریدا ساغبووەوە.

میدیاکانی بەریتانیا بڵاویانکردەوە، ئەو ھاووڵاتییە عیراقییە تەمەنی ٢٥ ساڵە، لە ساڵی ٢٠٢١ەوە لە بەریتانیا دەژی، لە شاری نەرویچ دوو جار دەستدرێژی کردووەتە سەر کچێک و دواتر وازی لێنەھێناوە و نامە و وێنەی بۆ ناردووە و بە تەلەفۆن ھەراسانی کردووە. 

 ئەو ھاووڵاتییە عیراقییە لەبەردەم دادگای تاوانەکانی ئەو شارە ئامادە بووە و زیندانی حەوت ساڵی بەسەردا سەپێندراوە و ھەروەھا دوو تاوانی دیکەشی روبەڕووکراوەتەوە، کە وازنەھێنان و دروستکردنی دڵەراوکێ و بێزاری بووە بۆ ئەو کچە. 

ئەو کچەشی تاوانەکەی بەرامبەر ئەنجامدراوە تەمەنی لە بیستەکاندایە و لە دادگا رایگەیاندووە، شەوان ناتوانێت بخەوێت و سوکایەتی زۆری بەرامبەر کراوە و ھەست بە ترس دەکات، وتوشێتی نازانێت ھۆکاری ھەڵسوکەوتی ئەو کوڕە عیراقییە لەگەڵیدا چی بووە.