ژەنەڕاڵێکی روسیا داوای دەستگیرکردنی پوتن دەکات

2022-02-12   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ژەنەڕاڵکی دیاری خانەنشینی ڕوسیا داوا دەکات ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی ئەو وڵاتە ناچار بە دەستلەکار کێشانەوە بکرێت و دواتریش دەستگیر بکرێت، لەسەر ئەو سەرکێشییانەی بەرامبەر ئۆکراین دەیکات.

ژەنەڕاڵ لیونید ئیڤاشۆف سەرۆکی کۆمەڵەی ئەفسەرانی ڕوسیا کە یەکێکە لەو کەسایەتییە سەربازییە دەگمەنانەی بە دەنگی بەرز ڕەخنە لە سیاسەتەکانی پوتن دەگرێت، داوای لە پوتن کردوە دەستلەکار بکێشێتەوە، چونکە ھیچ بەھانەیەک نییە بۆ ھەڕەشەیەکی بە پەلەی ناتۆ، تا ئەو ڕەوشەی لە سنوری ئۆکراین بۆ دروست بکرێت.


ماڵپەڕی  ھێلی نزیک لە کۆنگرێسی ئەمریکا لە زاری ئیڤاشۆفەوە بڵاویکردەوە، بەھۆی سیاسەتە دوژمنکارییەکانییەوە، پێویستە پوتن ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە بکرێت، ئەگەر پێویستیش بکات دەستگیریش بکرێت و بخرێتە زیندانەوە.


ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، چاوەڕوان دەکرێت پوتن سزای ئەو ژەنەڕاڵە خانەشینە بدات، بەڵام ناتوانێت ھەموو ئەو ڕاستی و مەترسیانە بشارێتەوە، کە دەربارەی سیاسەتەکانی ئاشکرایان دەکات.


ژەنەڕاڵ لیونید ئیڤاشۆف پێشتر بەرزترین پلەی سەربازیی ھەبووە لە سوپای ڕوسیا و چەندین لێپرسراوێتی باڵای لە سوپای وڵاتەکەی وەرگرتووە، چەندین وتاری دەربارەی کاروباری سەربازی ڕوسیا و جوگرافیای سیاسی نووسیووە.