گۆڤاری (پۆڵەتیکۆ) لە راپۆرتێکی شیکاریدا سەبارەت بە داھاتوی پەیوەندیەکانی تورکیا، بەتایبەت دوای بەرەسمی ناساندنی کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکان لەلایەن جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکاوە، ئەو بڕیارەی بایدنی بە ھەنگاوێکی بوێرانە ناوبردوە و ئاماژەی بەوەکردوە تائێستا ھیچ سەرۆکێکی ئەمریکا کوشتاری ئەرمەنەکانی بە کۆمەڵکوژی ناونەبردوە، نەوەک کاردانەوەی توندی لەلایەن تورکیاوە لێبکەوێتەوە.
کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکان تاوانێکی دژی مرۆڤایەتییە و بەڵگە مێژوویەکان ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە زیاتر لە ملیۆن و نیوێک مرۆڤ بونەتە قوربانیی ئەو کۆمەڵکوژیە. ئامار و سەرژمێرییەکانی خودی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ئەو راستیە دەسەلمێنن کە لە گەلی ئاسوری – سریانی و کلدانی زیاتر لە نیو ملیۆنیان لێ کوژراوە، لە گەلی ئەرمەنیش زیاتر لە ملیۆنێک مرۆڤ بە شێوازێکی دڕندانە و لە شوێنی جیاوازدا کوژراون.
بە سەدان ھەزاریش بە پێی یاسای کۆچکردنی ئەو سەردەمە دوورخراونەتەوەو بێسەرو شوێن کراون. بە ھەزاران خانوبەرەوە و قوتابخانە و کتێبخانە و کڵێسا و کارگە وێرانکراون، ماڵ و مڵکیان دەستیان بەسەردا گیراوە و بە تاڵان براون. ئێستاش کۆماری تورکیا کە میراتگری دەوڵەتی عوسمانییە دوای تێپەڕبونی ١٠٦ساڵ بە سەر ئەو کوشتارەدا نکوڵی لێ دەکات، و گێڕانەوەیەکی دیکەی بۆ رووداوەکە ھەیەو باس لەوە دەکات کە ئەو کات ئەرمەنەکان دەستیان لەگەڵ روسیای نەیاری دەوڵەتی عوسمانیدا تیکەڵکردووە، بۆیە بڕیار دراوە ئەرمەنەکان لەناوچەکانی جەنگ دووربخرێنەوە، و لەکاتی راگواستنیشیاندا بۆ ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی عوسمانی ژمارەیەکیان کە بە ٢٠٠-٣٠٠ ھەزار کەس مەزەندەیان دەکەن ، گیانیان لەدەست داوە.
گۆڤاری پۆڵەتیکۆ لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوەکردوە بەڕەسمی ناساندنی کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکان گورزێکی کاریگەر لە پەیوەندیەکانی تورکیا و ئەمریکا دەدات و پێشبینیی کردوە پەیوەندیەکانی نێوان ئەو دو وڵاتە گرژیی زیاتری تێبکەوێت.
گۆڤارەکە ئاماژەی بەوەشکردوە بایدن بەو بڕیارەی پێگەی ئەمریکای لە مێژودا راستکردەوە، و رێی ھەموار کرد لەبەردەم ساڕێژکردنی برینەکانی ئەو کۆمەڵکوژیەدا، و ئەو دەستەواژەیەی بەکارھێنا کە شایستەی ئەو تاوانە گەورەیە بێت.