کرێملن: لێدوانەکەی بایدن ڕووخێنەرە و زیان لە ھەوڵی ئاساییکردنەوەی گرژییەکان دەدات

2022-01-26   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
لە بەرامبەر ھەڕەشەکانی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی ڕووسیا کۆشکی کریملن دەڵێت لێدوانەکەی بایدن ڕووخێنەرە و زیان لە ھەوڵی ئاساییکردنەوەی گرژییەکان دەدات.

دوای ئەوەی بایدن لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند، ئەگەر ڕووسیا ھەنگاو بەرەو داگیرکردنی ئۆکراین بنێت، سەپاندنی سزا بەسەر ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی ئەو وڵاتە تاوتوێ دەکات، دیمیتری بیسکۆف وتەبێژی کۆشکی کریملن ڕایگەیاند، ئەو لێدوانەی بایدن ئازاردەر نییە، بەڵکو ڕووخێنەرە و زیان لە ھەوڵەکانی ئاساییکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکراین دەدات و ھەنگاوە ئەرێنیی و دیپلۆماسییەکان بێکاریگەری دەکات.