ئەمریکا و ئەوروپا: مەرجی ئێران ئاستەنگ بۆ دانوستانەکانی ڤییەننا دروست دەکات

2022-01-18   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
لێپرسراوانی ئەمریکا و ئەوروپا دەڵێن، مەرجی ئێران بۆ ئەمریکا ڕێگرە لە پێشچوونی دانوستانەکانی ڤییەنا.

ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" لە زاری لێپرسراوانی ئەمریکا و ئەوروپا بڵاویکردەوە، "تاران" مەرجی ئەوەی بۆ "واشنتۆن" داناوە کە لە ئەگەری ئەنجامدانی ڕێککەوتنی نوێ، جارێکی تر نەکشێتەوە و سزاکان نەگەڕێنێتەوە، ئەو مەرجەش ئاستەنگی لە بەردەم دانوستانەکانی "ڤییەنا" دروست کردووە.


ئەمریکاش لە زاری چەند لێپرسراوێکەوە ڕایگەیاندووە، دەبێت دانوستانەکان لە "ڤییەنا" لەسەر چۆنیەتی گەڕانەوەی ڕێککەوتنەکەی ساڵی ٢٠١٥ بێت، نەک ڕێککەوتنی تر بە مەرجی نوێ.


خولی ھەشتەمی دانوستانەکانی "ڤییەنا" سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە دوێنێوە دەستیپێکردووەتەوە و تا ئێستاش ھیچ ئەنجامێک یاخود بەرەوپێشچوونێک ڕانەگەیەندراوە.