بەھۆی دروستبوونی لافاو لە بناری چیای ئاسۆس پردێک ئاو بردویەتی

2022-01-15   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
٢٠ تیم بۆ خەمڵاندنی زیانەکانی لافاوی ھەولێر پێکھێنرا، پردێکیش لە سنوری پشدەر ئاو بردویەتی.

ئومێد خۆشناو پارێزگاری ھەولێر رایگەیاند، تیمەکانی وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی پارێزگای ھەولێریان ڕاسپاردوە بۆ دەستپێکردنی پڕۆسەی خەمڵاندنی زیانەکانی لافاو و بەدواداچوون بۆ داواکاری زیانلێکەوتوان، بۆ ئەو مەبەستەش بە ھاوکاری سەرۆکایەتی شارەوانی ھەولێر و بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکان و تیمەکانی بەرگری شارستانی ٢٠ تیم پێکھێنراوە، بۆ خەمڵاندنی زیانەکان و تۆمارکردنی داتاکان.
بەھۆی دروستبوونی لافاو و بەرزبونەوەی ئاستی ئاوی زێی بچوکیش لە بناری چیای ئاسۆس پردێک ئاوبردویەتی کە ڕێگەی نێوان ٩ گوندی بناری ئاسۆس و قەزای پشدەری بەیەکەوە دەبەستەوە.
ھەر بەھۆی بەفربارینی شەوی رابردوو ھاتووچۆ لە نێوان رێگەی وەرتێ - سەرکەپکان - چۆمان - حاجی ئۆمەران ئەستەم بووە.
ئاسۆ کەمال بەڕێوەبەری کەشناسی و بومەلەرزەزانی سلێمانیش بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، بەھۆی کاریگەری ھاتنی بارستەھەوایەکی ساردی جەمسەری پیشبینی دەکرێت، پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو روو لە دابەزین بکات، کاریگەرییەکانیشی لە ناوەڕاستی ھەفتە دەردەکەوێت، ئەگەری بەفربارنیش لە ناوچە شاخاوییەکان و بەشێک لە سەنتەری شارەکانیش ھەیە.