دەستەی کارگێڕی زانیاریەکانی وزەی ئەمریکا ئاشکرای کردووە ، ھاوردەی نەوتی عێراق بۆ وڵاتەکەی لەم ھەفتەیەدا کەمیکردووەو رۆژانە تەنھا ١٩٩ ھەزار بەرمیل بووە.
دەستەکە لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، قەبارەی ھاوردەی نەوتی وڵاتان بۆ ئەمریکا لە ماوەی ھەفتەی رابردوودا رۆژانە ٥ ملیۆن و ٨٣٧ ھەزار بەرمیل بووە، کە بەراورد بە ھەفتەی رابردوو ١ ملیۆن و ١٩٧ ھەزار بەرمیل رۆژانە زیادی کردووە، لەو نێوەندەشدا ئەمریکا بڕی ١٩٩ ھەزار بەرمیل نەوتی لە عێراقەوە ھاوردە کردووە لە کاتێکدا ھەفتەی رابردووتر بڕی ھەناردەی عێراق بۆ ئەمریکا ٢٣٥ ھەزار بەرمیلی بووە.
لە راپۆرتەکەی دەستەی کارگێڕی زانیاریەکانی وزەی ئەمریکادا ھاتووە وڵاتی کەنەدا لە ریزی پێشەوەی ھەناردەکارانی نەوتە بۆ ئەمریکا بە بڕی سێ ملیۆن و ٨٠٦ ھەزار بەرمیل و بەدوایدا ھەریەک لە مەکسیک و سعودیە دێن بە بڕەکانی ٦٩٢ ھەزار و ٤٢٤ ھەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.