ژەھراویبوون بە خۆراک ساڵانە ٣٣ ملیۆن کەس دەکوژێت

2021-12-25   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ساڵانە بە ملیۆنان کەس لەسەرانسەری جیھان دووچاری ژەھراویبوون دەبن لەڕێگەی خۆراکەوە، بەو ھۆیەشەوە تەندروستیان تێک دەچێت و ھەشیانە بەھۆیەوە گیان لەدەستدەدات.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ساڵانە لە ھەر ١٠ کەس لە جیھاندا کەسێک بەھۆی ژەھراویبوون بە خۆراک نەخۆش دەکەوێت.


ڕاپۆرتەکە ئاشکرای کردووە، ژمارەی ئەو کەسانەی ساڵانە بەھۆی ژەھراویبوون بە خۆراکەوە گیان  لەدەستدەدەن دەگاتە ٣٣ ملیۆن کەس، ئەوەش ژمارەیەکە جێگەی دوودڵییەکی گەورەیە.


ھۆکارەکانی ژەھراویبوون زۆرن، دیاترینیان بایەخ نەدان بە پاک و خاوێنی  لە کاتی ئامادەکردنی خۆراک و بەسەرچوونی ماوەی بەکارھێنانی خۆراکەکان و خراپ ھەڵگرتن و کۆگاکردن و پێشەشکردنی بۆ کڕیار، تەنانەت ھەندێک جار لە ماڵەوەش ژەھراویبوون ڕوو دەدات، ئەگەر  زۆر ئاگاداری ڕەوشی پاک و خاوێنی نەکرێت.


بەگوێرەی سەنتەری ئەمریکا بۆ چاودێرکردنی نەخۆشییەکان و خۆپارێزی، لەو ھەڵانەی کە دەبنە ھۆی ژەھراویبوون، کەسێک خۆراکێک دەخوات گونجاو نییە لەگەڵ ڕەوشی تەندروستیدا، وەک ئەو کەسانەی کە کێشەی دەزگای ھەرسیان ھەیە، یان منداڵێک کە ھێشتا لە خوار تەمەنی پێنج ساڵییەوەیە.


ناوەندە تەندروستییەکان ئامۆژگاری کەسەکان دەکەن، بۆ ئەوەی بە دووربوون لە ژەھراویبوون پێویستە بایەخ بدەن بە پاکوخاوێنی بەگشتی لە کاتی ئامادەکردنی خواردن، شۆرکردنەوەی گۆشت و بابەتەکانی دیکەی خۆراک ئامادەکردن بە گشتی و پاک ڕاگرتنی ئەو شوێنەی لەسەر ئامادە دەکرێت.