زانایانی شوێنەوارناسی شێوازی کوشتنی مرۆڤ لە ١٩٠٠ ساڵ لەمەوبەر ئاشکرا دەکەن

2021-12-09   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
زانایانی شوێنەوارناسی بنکۆڵکارییەکی مەترسیداریان لە ناوچەیەکی بەریتانیا ئاشکرا کردووە، کە مرۆڤێک ١٩٠٠ ساڵ لەمەوبەر بە چ شێوازێک کوژراوە.

ڕۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی بڵاویکردەوە، چەند ساڵێک لەمەوبەر زانایانی شوێنەوارناسی لە گوندێکی ناوچەی (کامبریدجشیر)ی بەریتانیا پاشماوەی ئێسکە پەیکەرێکی مرۆڤیان دۆزیوەتەوە و ئێستا ئەنجامی لێکۆڵینەوە لە ئێسکە پەیکەرەکە ئاشکرا بووە، دەریدەخات ئەو بەندەیە تەمەنی لە نێوان ٢٥ بۆ ٣٥ ساڵی و درێژی ١٧٠ سانتیمەتر بووە، لە قولەپێیدا مێخێکی ئاسن بوونی ھەبووە.


بە گوێرەی پشکنیینەکان کە بە کاربۆنی تیشکدەرەوە ئەنجامدراوە، ئەو کەسە لە ساڵانی نێوان ١٣٠ بۆ ٣٣٧ی زاینی کوژراوە ، بە واتای لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانیدا.


شوێنەوارناسەکان لە پاڵ ئێسکە پەیکەرەکەدا دوو پارچە تەختەیان دۆزیوەتەوە، ئەوەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی لە بەریتانیا لە خاچدان پەیڕەوکراوە.


سەرباری ئەوەی لە خاچدان پەیوەستە بە ئاینی مەسیحییەوە، بەڵام زاناکانی شوێنەوارناسی لەو بڕوایەدان ئەو لە خاچدانە پەیوەندیی نییە بە ئایینەوە، چونکە ئەو بەندەیە بە خاچدا ھەڵنەواسراوە، لەبەرئەوەی ھیچ مێخێکی دیکەیان لە ئێسکە پەیکەرەکەدا نەدۆزیوەتەوە، بەڵکو مرۆڤەکە لە سەرەوە بە یەکێک لە پارچە تەختەکاندا بەستراوەتەوە و لە خوارەوەش مێخ بە قاچیدا داکوتراوە.