لە تورکیا ژنێکی کوردی تەمەن ٧٢ ساڵ بە حەوت ساڵ زیندانیکردن سزادرا

2021-12-04   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
سزای ٧ ساڵ زیندانی بەسەر دایکێکی کوردی ٧٢ ساڵدا سەپێنرا و ٥١ چالاکوانی ژنی بەندکراوی ھەدەپەش بە بیانوی وتنی گۆرانی کوردی سزادران.

ھەشتەمین دادگای سزا قورسەکانی ئامەد، بە تۆمەتی ئەندامیەتی لە ڕێکخستنی قەدەغەکراو، سزای ٧ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی بەسەر "مەقبولە ئوزبەک" سەپاند کە ژنێکی کوردی تەمەن ٧٢ ساڵە.


مەقبولە ئوزبەک لە چوارچێوەی لێپرسینەوەی کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک (کەجەدە)، ٢٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٠ دەستگیرکرابوو، بەڵام دوای ئەوەی تووشی جەڵتەی دڵ بوو، لە ٥ی ئەیلولی ٢٠٢٠ ئازادکرا.


بە پێی ئاژانسی میزۆپۆتامیاش، ئایلا ئاکات پەرلەمانتاری پێشووی ھەدەپەش لەگەڵ ٥١ ژنی بەندکراوی دیکەی ھەدەپە لە زیندانی سینجان، بە بیانوی وتنی گورانی کوردی سزادراون، بەھۆی ئەو سزایانەشەوە ئازادکردنی دوو ژنی چالاکوانی تر ڕاگیراون.