ڕووسیا بەھۆی فرۆشتنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە ئۆکراین ڕەخنە لە تورکیا دەگرێت

2021-12-04   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
سەرۆکی ڕووسیا بەھۆی فرۆشتنی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بە ئۆکراین، ڕەخنە لە تورکیا دەگرێت.

ڤلادمیر پوتن سەرۆکی ڕووسیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، ئۆکراین بە بەکارھێنانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی دروستکراوی تورکیا و ئەنجامدانی ھێرشی سەربازیی بۆ سەر جودا خوازەکان لە خۆرھەڵاتی ئەو وڵاتە، ھەوڵی پێشێلکردنی ڕێککەوتننامەی ئاشتی دەدات.


ئاماژەی بەوەشکردووە، نابێت تورکیا و وڵاتانی جیھان چەک و کەلوپەلی سەربازیی بە ئۆکراین بفرۆشن و ڕەوشەکە ئاڵۆزتر بکەن.


نوسینگەی سەرۆکایەتی تورکیا ڕایگەیاندووە، ھەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا پوتن و ئەردۆغان پرسی سوریا و یەمەن و دوا گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کردووە.