یەکێتی ئەوروپا: رەوشی سنورەکانی بێلاڕوس ئارام بووەتەوە

2021-12-02   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
یلڤا جۆھانسن کۆمیسیاری کاروباری ناوخۆیی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی دەگەنە بێلاڕوس کەمبوەتەوە و زۆرینەشیان گەڕێندراونەتەوە وڵاتەکانی خۆیان بە تایبەت عێراقییەکان.

کۆمیسیارەکەی یەکێتی ئەوروپا لە کۆنفرانسێکدا لە برۆکسل ئەوەی خستەڕوو، رەوشی سنورەکانی بێلاڕوس ئارام بوەتەوە و ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی دەچنە مینسک کەمبوەتەوە، بەڵام ھێشتا پێویستە یەکێتی ئەوروپا بە وریاییەوە مامەڵە بکات لەگەڵ ئەو وڵاتە و حکومەتەکەی "ئەلیکساندەر لۆکاشینکۆ". 


وتیشی، زۆرینەی ئەوانەی گەڕێندراونەتەوە عێراقی بوون و ژمارەیان ھەزار و ٨٠٠ کەس زیاترە.


راشیگەیاند، ھەرچەندە ڕەوشەکە بەرەو ئارامی دەڕوات، بەڵام دەبێت ھێشتا بە وریاییەوە مامەڵە بکەین، من بۆ تەنھا چرکەیەک متمانە بە سەرۆکی بێلاڕوس و رژێمەکەی ناکەم، چونکە ئێمە نازانین ھەنگاوەکانی داھاتوویان چی دەبێت و دەبێت وریا بین، ئەو رووداوە توندوتیژییانەشی روویاندا قبوڵکراو نین. 


ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا ھەشت ھەزار کەس سنورەکانیان تێپەڕاندووە و ئێستا لە "پۆڵەندا و لیتوانیا و لاتیڤیا"ن، سەرجەمیشیان لە ناوەندەکانی پێشوازی کردنن".