وەزیری دەرەوەی ئێران و سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان پەیوەندی تەلەفۆنییان ئەنجامدا

2021-11-30   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
"حسێن ئەمیر عەبدوڵاھیان" وەزیری دەرەوەی ئێران و "ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس" سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەو پەیوەندییەدا "عەبدوڵاھیان" جەختی کردووەتەوە لەسەر گرنگی پابەندبوونی لایەنەکان بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، وتیشی ئەگەر ھەموو لایەنەکان بگەڕێنەوە، ئێرانیش ئەو ھەنگاوانە ڕادەگرێت کە دژی ڕێککەوتنەکەیە. 

"عەبدوڵاھیان" باسی لەوەشکردووە، "تاران" شەش خولەکەی پێشووی دانوستانەکانی "ڤییەنا" پشتگوێ ناخات و لە خولی حەوتەمیشدا وەک نوێنەرانی حکومەتی نوێ دانوستانیان دەستپێکردووەتەوە.

ھاوکات "گۆتێرێس" پشتیوانی تەواوی بۆ بوژانەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی دەربڕی و ھیوای خواست دانوستانەکانی "ڤییەنا" ئەنجامی ھەبێت، داواشی لە سەرجەم لایەنەکان کرد ھەوڵی جدی بدەن بۆ دروستکردنی متمانە.