نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەڕەنسا ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوە لە تەرمی ئەو کۆچبەرانەی ٢٥ی مانگ لە کەناڵی ئینگلیز خنکان چەند ھەفتەیەک دەخایەنێت و دوای ئاشکراکردنی ناسنامەکانیان تەرمی کۆچبەرە کوردەکان دەگەڕێنرێنەوە بۆ ھەرێم.
نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێم لە فەڕەنسا لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، تا ئێستا ٢٧ تەرمی کۆچبەر دۆزراونەتەوە و دیار نییە لەو ژمارەیە چەندیان خەڵکی ھەرێمی کوردستانن.
دوو گروپی پسپۆڕ کە پێکھاتوون لە پزیشک و پۆلیسی فەڕەنسی لێکۆڵینەوە لە تەرمەکان دەکەن و پێشبینی دەکرێت لێکۆڵینەوەکان چەند ھەفتەیەک بخایەنن، ھەروەھا بەرپرسی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە دووپاتیکردووەتەوە کە تەرمەکان بە ھیچ شێوەیەک نەشێواون.
نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێم ڕاشیگەیاند، لەگەڵ باڵیۆزی عێراق و پۆلیس و وەزارەتی دادی فەڕەنسا ھەماھەنگی بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی قوربانییەکان دەکەن و دوای ئاشکراکردنی ناسنامەکانیان تەرمی کۆچبەرە کوردەکان دەگەڕێنرێنەوە بۆ ھەرێم.