بۆ ٩یەمین ڕۆژ بۆردوومانەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بەردەوامە

2021-05-18   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
نزیکەی ١٠ ڕۆژە بۆردوومانەکان لە نێوان ئیسڕائیل و فەلەستین بەردەوامە، میسڕ و ئەمریکاش بە ھاوکاری وڵاتانی نێودەوڵەتی نێوەندگیری دەکەن بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە نێوان ئەو دوو وڵاتە.

بۆ ٩ھەمین ڕۆژ لەسەر یەک فڕۆکەکانی ئیسڕائیل لە بۆردوومانکردنی کەرتی "غەززە" بەردەوامن و بەیانی ئەمڕۆ ٥٠ ھێرشیان کردووەتە سەر ناوچەکانی خۆرھەڵات و باکوری شارەکە.


سوپای ئیسڕائیل ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو ٦٢ فڕۆکەی جەنگی بە ١١٠ مووشەک ٦٥ ئامانجییان لە کەرتی غەززە بۆردومانکردووە، لە بەرامبەریشدا گروپە چەکدارەکان لە کەرتی غەززەوە ٩٠ مووشەکیان ئاڕاستەی شارەکانی ئیسڕائیل کرد.


لە پێشھاتێکی تریشدا سوپای ئیسڕائیل چەند ھاوەنی ئاڕاستەی بەرزاییەکانی شارۆچکەی "کەفرشوبا" لە لوبنان کردووە، ئەوەش دوای ئەوەی لە "لوبنان"ەوە مووشەک ئاڕاستەی ئیسرائیل کرا، ھاوکات بینای نزیک ئاژانسی "ئونروا" بۆ پەنابەرانی فەلەستینی کراوەتە ئامانج، بە بێ ئاگادار کردنەوەی پێشوەختیش بینایەکی لە گەڕەکی "رمال" لە "غەززە" کردە ئامانج و زەنگی ئاگادار کردنەوەش بۆ چۆڵکردنی تاوەرێکی تر لە ناوچەکە لێدرا. 


بە پێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی فەلەستین، ٢١٢ فەلەستینی کوژراون کە ٦١ منداڵ و ٣٦ ژن لە نێویاندا ھەیە و ١٤٠٠ کەسی تریش برینداربوون.