٣٠٨ هاوڵاتی عێراقی لە هیندستان گەڕێندرانەوە

2021-05-18   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
٣٠٨ ھاوڵاتی تری عێراقی لە ھیندستانەوە گەڕانەوە و دوو ھەفتە کەرەنتین دەکرێن، ھیندستانیش ڕێگە نادات تەرمی ئەو عێراقیانە بگەڕێنرێتەوە کە بە کۆرۆنا گیانیان لە دەستداوە.

ھێڵی فڕۆکەوانی عێراقی بڵاویکردەوە، شەوی ڕابردوو ٣٠٨ ھاوڵاتی عێراقی لە ھیندستانەوە گەڕێنرانەوە، کە لە ماوەی ڕابردوودا بەھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاو لە ھیندستان گیریانخواردبوو.


ھاوکات "فەلاح عەبدولحسێن" باڵیۆزی عێراق لە ھیندستان ڕایگەیاند، حکومەتی ھیندستان ڕێگە نادات ئەو عێراقییانەی بە کۆرۆنا گیانیان لە دەستداوە، بگەرێنرێنەوە بۆ عێراق و ھەر لە ھیندستان بە خاک دەسپێردرێن.


ڕاشیگەیاند، ئامارێکی وردیان لە بەردەست نیە، کە چەند عێراقی لە ھیندستان گیریانخواردووە و چەندیان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، بەڵام ژمارەی گیان لە دەستدان لە شەش کەس زیاترە.