مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتی: شانازی بە وێستگەی بەرپرسیاریەتی و ئەرک ڕاپەڕاندنی "عادل موراد"ەوە دەکەین

2021-05-18   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
بە بۆنەی ٣ھەمین ساڵیادی کۆچی دوایی "عادل موراد" ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەکێتی نیشتمانی کوردستان، مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتی نیشتمانی پەیامێکی بڵاوکردەوە

بە بۆنەی ٣ھەمین ساڵیادی کۆچی دوایی "عادل موراد" ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەکێتی نیشتمانی کوردستان، مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتی نیشتمانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و سەرباری بەرزڕاگرتنی بیر و یادەوەرییەکانی کۆچکردوو ڕایانگەیاند "ھەڤاڵ موڕاد تێکۆشەرێکی گەورە و دیاری یەکێتی و شۆرشی نوێ، دۆستی گیانی بە گیانی سەرۆک مام جەلال و ھەڤاڵانی دەستەی دامەزرێنەر و سەرکردەیەکی خاکەڕا و بە ورەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەمان بوو، خەباتگێرێکی رەعیلی یەکەمی تێکۆشەرانی فەیلی بوو، لە ڕیزی خەباتی خوێندکاری و پیشەیی کۆتایی شەستەکان و حەفتاکاندا کارەکتەرێکی دیار بوو، پاشان لە کۆری خەباتی ھەمەلایەنەی دیبلۆماسیی ئاستی عێراقی و عەرەبی دا قاڵبووەوە و یەکێک بوو لە ئەدگارە دیارەکانی میدیایی و دیبلۆماسیی یەکێتی".

ئاماژەشیان بەوەدا، بۆ ڕاگەیاندنکارانی یەکێتی کە کۆچکردوو ماوەیەکی بەرچاو و دیار لێپرسراوی مەکتەبی ڕاگەیاندن بوو، ڕۆڵێکی مامۆستایانە و ڕێنوێنی گێڕاوە لە پەروەردەکردنی دەیان ڕاگەیاندنکاری یەکێتیی و پێگەیاندنیان بۆ ئەرک و بەرپرسیاریەتی میدیایی.

دەقی پەیامەکە ... 

یاد و بیرەوەری ھەڤاڵ عادل موراد بەرز و پایەدار بێت
ئەمڕۆ ١٨-٥ سێ ساڵ بەسەر ئۆغری یەکجارەکی ھەڤاڵ عادل موراد ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەکێتی نیشتمانی کوردستان و دوا سکرتێری ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتیی تێپەڕدەبێت.
ھەڤاڵ موڕاد تێکۆشەرێکی گەورە و دیاری یەکێتی و شۆرشی نوێ، دۆستی گیانی بە گیانی سەرۆک مام جەلال و ھەڤاڵانی دەستەی دامەزرێنەر و سەرکردەیەکی خاکەڕا و بە ورەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەمان بوو، خەباتگێرێکی رەعیلی یەکەمی تێکۆشەرانی فەیلی بوو، لە ڕیزی خەباتی خوێندکاری و پیشەیی کۆتایی شەستەکان و حەفتاکاندا کارەکتەرێکی دیار  بوو، پاشان لە کۆری خەباتی ھەمەلایەنەی دیبلۆماسیی ئاستی عێراقی و عەرەبی دا قاڵبووەوە و یەکێک بوو لە ئەدگارە دیارەکانی میدیایی و دیبلۆماسیی یەکێتی و ھەڤاڵێکی سەرڕاستی ھەڤاڵ و ڕابەرمان مام جەلال بوو.
ھەڤاڵ عادل موراد لە ڕەوتی ئەو خەباتە ھەمەلایەنەشدا، بە شانازییەوە
بۆ ئێمەی ڕاگەیاندنکارانی یەکێتی ماوەیەکی بەرچاو و دیار لێپرسراوی مەکتەبی ڕاگەیاندن بوو، ڕۆڵێکی مامۆستایانە و ڕێنوێنی گێڕا لە پەروەردەکردنی دەیان ڕاگەیاندنکاری یەکێتیی و پێگەیاندنیان بۆ ئەرک و بەرپرسیاریەتی میدیایی. 
لەم یادەوەرییە خەمناکەدا ئێمە وەک ھەڤاڵانی لە مەکتەبی ڕاگەیاندن یادی بەخێری ھەڤاڵ عادل موراد بە سەرفرازییەوە دەگێرینەوە و شانازی بە وێستگەی بەرپرسیاریەتی و ئەرک ڕاپەڕاندنییەوە دەکەین. لەم سێیەمین ساڵڕۆژەشدا سەری ڕێز و نەوازش بۆ گلکۆکەی دادەنوێنین و لەگەڵ تێکۆشەران و ھەڤاڵانی یەکێتی بە ھەمان وەسفی مامی گەورە دووپاتی دەکەینەوە:
ھەڤاڵ کاک عادل ئەلوەرد، یادت بەخێر و ناوت لە ئاسمانی کوردایەتی و دیموکراسیی عێراقدا ھەمیشە درەوشاوە بێت 
مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان
١٨-٥-٢٠٢١