وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رێگەنادات بەرھەمی ناوخۆیی ھەرێمی کوردستان ھەناردەی شارەکانی ناوەراست و باشوری عێراق بکرێت و وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی ھەرێمیش رایدەگەیەنێت، بۆ چارەسەری کێشەکە لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لەسەرخەتن.
حسین حەمە کەریم وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی ھەرێم رایگەیاند، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق فەرمانیکردووە بە بازگەکانی نێوان ھەرێم و شارەکانی عێراق رێگە نەدەن بەرھەمی ناوخۆیی ھەرێمی کوردستان ھەناردەی شارەکانی عێراق بکرێت لەکاتێکدا بەرھەمی شارەکانی عێراق دێتە ھەرێمی کوردستان.
وتیشی، ماوەیەکی زۆرە رێگەنادرێت مریشک و پەتاتەو خەیاری ھەرێم رەوانەی شارەکانی عێراق بکرێت، بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەش لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لەسەرخەتن.
وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی ھەرێم رایگەیاند، لەحاڵەتی چارەسەرنەکردنی کێشەکەدا ھەڵوێستیان دەبێت.