وەزارەتی کاری ئەمریکا ئاماری رِەخساندنی ھەلی کار و ڕێژەی بێکاری بۆ مانگی نیسانی بڵاوکردەوە .
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی کاری ئەمریکا لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا ٩١٦ ھەزار کەس لە ئەمریکا کاریان دەستکەوتووە , لە کەرتەکانی بەرھەمھێنان و ئاوەدانکردنەوە و پەروەردە و میوانخانەکان تا ئاستێکی باش بووژانەتەوە بەشێوەیەک ٢٨٠ ھەزار کەس لە کەرتی چێشتخانە کاریان دەستکەوتووە و ١٧٦ ھەزار ھەلی کاریش لەڕێستۆرانتەکاندا.
ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی کاری ئەمریکا دەڵێت، لە ماوەی ٩ مانگی ڕابردووەوە ئەوە جاری یەکەمە نزیکەی ملیۆنێک دەرفەتی کاری نوێ لە ئەمریکا دەڕەخسێن , لەکاتێکدا پێشتر پێشبینیان دەکرد ٦٤٧ ھەزار ھەلی کاری نوێ بڕەخسێت، دروستبوونی دەرفەتی کاریش بەو جۆرەی بڵاوکراوەتەوە ڕێژەی بێکاری لە ئەمریکا بۆ ٦% دابەزاند کە لە مانگی ئادار دا رێژەکە ٦.٢٪ بوو .
وەزارەتی کاری ئەمریکا دەڵێت، ھەرچەندە چالاکییە ئابوورییەکان دەستیانپێکردووەتەوە و ژمارەیەکی زۆری خەڵکیش چوونەتەوە سەر کارەکانیان بەڵام ھێشتا ٨ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار کەس بەراورد بە پێش سەردەمی کۆرۆنا بێکارن کە دەکاتە ٦ ٪ ی کۆی ھێزی کار لە ئەمریکا .